٢٥ ئایار ٢٠١٧ - ٠٢:٠٢
داعشیەک لە ئەندەنوسیا خۆی دەتەقێنێتەوە

خۆكوژێك لەنزیك وێستگەیەكی پاس لەجاكارتای پایتەختی ئەو وڵاتە خۆی تەقاندووەتەوە

پۆلیسی ئەندەنوسیا چوارشەممە رایگەیاند خۆكوژێك لەنزیك وێستگەیەكی پاس لەجاكارتای پایتەختی ئەو وڵاتە خۆی تەقاندووەتەوە،و بەهۆیەوە ئەفسەرێكی پۆلیس و خۆكوژەكە كوژراون.


بەپێی هەواڵ دەریمئەهلی بەت.ع.ابنا: پۆلیس لە بەیاننامەیەك دا رایگەیاند، دوای ئەو تەقینەوە خۆكوژییە، دوو تەقینەوەی ترو یەك لەدوای یەك لە ناوچەی (كامبونگ میلایۆ ) رویانداوە .

پۆلیسی ئەندەنوسیا ئاماژەی بەوەشكردووە لە تەقینەوە خۆكوژییەكەدا ، جگە لە خۆكوژەكە ئەفسەرێكی پۆلیس كوژراوەو ژمارەیەكی تریش برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەرپرسێكی تەندروستی بە تەلەفزیۆنی میترۆی ئەندەنوسیای راگەیاند دوو پۆلیس و مەدەنییەك چارەسەریان بۆ دەكرێت ،و هەرسێكیان تەندروستیان جێگیرە، لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی دیكە رایگەیاند لەتەقینەوەكاندا 5 كەس برینداربوون .

ساڵی رابردوو زنجیرەیەك هێرش لەناوەندی جاكارتای پایتەخت روویاندا و بەهۆیانەوە 8 كەس كوژران، دواتر داعش بەرپرسیارێتی خۆی لێیان راگەیاند.

دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیا كە گەورەترین وڵاتی موسڵمانە لەجیهاندا مەترسی هەڵكشانی ئاستی توندوتیژیان لەو وڵاتەدا هەیە، كە بەووتەی خۆیان بەشێكیان بەهۆی هاندان و كاریگەری دروشمەكانی داعشەوە دەبن .